کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری شەهید "مەجید سڵدووزی" لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

10:22 - 2 رەزبەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان دایە "بەهار جەمشید جەم" هاوسەری شەهید "مەجید سڵدووزی" خەڵکی گوندی "میراوێ" بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "ورمێ" کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو وەک ژنە شەهیدێک هەمیشە بە ڕێباز و ئامانجەکانی هاوسەری شەهیدی شانازیی دەکرد و بە ئیمانەوە باسی لە ڕێبازەکەی دەکرد.

شەهید "مەجید" لە گوندی "سیاوان" سەر بە ناوچەی "دەشتەبێڵـ"ـی شنۆ لەدایک بووە. ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بووە و لە هێزی "کێلەشینـ"ـدا سازمان دراوە.

ناوبراو ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی وێڕای هاوڕێیەکی دیکەی بە ناوی مەلا "ئەحمەد خزری" خەڵکی گوندی "کانی مەلا"ی پیرانشار کە ئەویش پێشمەرگە بووە بە دەستی چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیمی تاران لە ڕێگای نێوان "دیانا" و ڕواندز" سەر بە کوردستانی باشوور دەسبەسەر کران و ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کرانەوە.

دوای چەند مانگ لە تێپەڕینی ئەو ڕووداوە ناوبراوان ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٧٤ی هەتاوی لە یەکێک لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران ئێعدام کران و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.

تەرمی دایە "بەهار" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.