کوردستان میدیا: هاوسەری شەهیدێکی ڕاسان به بڵاوکردنەوەی پەیامێک، سەرەڕای باس کردن لە خەمی لە دەستدانی هاوسەرەکەی، وەفاداری خۆی بۆ ڕێبازی هاوسەرەکەی دەربڕی و وتی وانەی وەفاداری و نیشتمانپەروەری هاوسەرەکەم بۆ منداڵەکانم دەگێڕمەوە.
خاتوو پەیمان لەم پەیامەدا به ئاماژه به کەلێنی گەورەی لە دەستدانی هاوژینەکەی و باوکی ٥ جگەرگۆشەکەی وتی: سەربڵیندم بەوەی کە هاوسەرەکەم لە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیدا و لە پێناو سەربەستی و ڕزگاری گەل و نیشتماندا خوێنی تێکەل به خوێنی هەموو ئەو شەهیدانه بوو که بۆ ئامانجێکی پیرۆز گیانیان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان بەخشیوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: هەرچەند ئەم زامه بۆ ئێمە زامێکی بەژانە، بەڵام دڵسۆزی و ئەمەگناسی هاوژینە شەهیدەکەم بە ڕێبازی شەهیدان ئێشی ئەو زامەی کەم کردووەتەوە و دەمهێنێتە سەر ئەو باوەڕە که منیش وەفادار بم به ڕێگا و ڕێبازە پیرۆزەکەی و وانەی وەفاداری و نیشتمانپەروەری هاوسەرەکەم بۆ منداڵەکانمان بگێڕمەوە.
خاتوو پەیمان لە درێژەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدی شار، شەهید هەژار ڕەزایی کرد و خۆی به شەریکی خەمیان زانی.
لە کۆتاییدا، سەرەڕای سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاووڕێیان، هاوسەنگەران، دۆستان و ئاشنایانی شەهید شەهاب، کادر و پێشمەرگەی حیزب و بە تایبەت لێپرسراوی گشتیی حیزب، گوتی: هیوادارم هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهید شەهاب و شەهید هەژار لەسەر ڕێبازیان سوورتر بن و تۆڵەی خوێنی بە ناحەق ڕژاویان لە دوژمنانی گەلەکەمان بکەنەوە.