کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ هاووڵاتی لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ڕێگای سەقز- بۆکان گیانیان لەدەست دا

11:25 - 1 رەزبەر 2720

بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان سەقز و بۆکان، ٤ کەس گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون؛ چاڵ و چۆڵی و ناستانداربوونی ئەو ڕێگایە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوی لەو چەشنەن.

ئەو ڕووداوەی هاتوچۆ لە ژوور شارەکی سەنعەتی لە ڕێگای سەقزـ بۆکان و لەنێوان ٥ ماشیندا ڕوویداوە و وێڕای زیانێکی زۆری مادییەوە چوار کەس بوونە قوربانیی خراپیی ڕێگاوبان و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها ڕێگای نێوان کرماشان ـ ئیلام کە یەکێک لە ڕێگا قەرەباڵغەکانی کوردستانە بەهۆی پێچی مەترسیدار، هەڵدێربوون و نەبوونی تابلۆ لەو ڕێگایە بووەتە قەتڵگایەک بۆ ئەو ماشینانەی دەیانەوێت لەوێوە سەفەر بکەن.

ڕێگای نێوان کرماشان ـ ئیلام بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە وەرزی باراندا بەرد و گڵ ڕێگاکان دەبەستێت و هیچ بەربەستێک دروست نەکراوە هەتا ئەو مەترسییە کەم بکاتەوە، بەو هۆیەوە ساڵانە چەندین ڕووداوی کارەساتبار و دڵتەزێن تێیدا ڕوو دەدات.