کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ هاووڵاتیی کورد بۆ ئیجرای حوکم خۆیان بە زیندانی سەقز ناساند

17:04 - 25 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ٣ هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بۆ ئیجرای حوکمەکەیان خۆیان بە زیندانیی ناوەندیی ئەم شارە ناساند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ٣هاووڵاتی خەڵکی شاری سەقز بەناوەکانی "ئەردەڵان (غەریب) شەریف‌زادە، هێمن حسەینی و کامیل شەریف‌زادە" بەمەبەستی ئیجرای حوکم بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزران.

ئەم ٣کەسە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی ئەندامەتیی و لایەنگری لە حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەپێی ماددەی ٥٠٠ لە یاسای سزادانی ئیسلامی موحاکمە کرابوون.

بەپێی دوایین زانیارییەکان غەریب شەریف‌زادە کوڕی جەلیل بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم لەڕێگەی پێکهێنانی کاناڵی تێلێگرامی حوکمی یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

هەروەها کامیل شەریف‌زادە کوڕی خەلیل بەهەمان تۆمەت حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپا کە دواتر بۆ ٥ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

هێمن حسەینیش بەهەمان تۆمەت حوکمی ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا کە دواتر بۆ ٤ مانگ کەم کرایەوە.

وێنە: ئاژانسی کوردپا