ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەز لە دوای لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵكی کامیاران، هاووڵاتییان سەرەڕای هەڕەشەی بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
هاووڵاتییان لە بەردەم ماڵی شەهید "حەیدەر قوربانی" کۆ بوونەوە و بە دروشمی "شەهید نامرێ" دژی ڕێژیمی پەت و سێدارە ئەوپەڕی ڕق و قینی خۆیان دەربڕی.
"حەیدەر قوربانی" کۆتایی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ دەسبەسەر و هیزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ناوبراویان بە هاوکاری لە کوشتنی چەند کەس لە دەستوپەیوەندەکانی ڕێژیم تۆماتبار کردبوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرابووەوە.
پێشتر "جاوید ڕەحمان'' ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، وێڕای چەندین کارناسی دیکەی مافی مرۆڤ لەو ڕێکخراوەیە، داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە ئێعدامی ''حەیدەر قوربانی'' ڕابگرن و ئەو حوکمە هەڵبووەشێننەوە.
سەرەڕای هەوڵی پارێزەر و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، "حەیدەر قوربانی" لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەز لە زیندانی سنە لە سێدارە درا.