کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییان لە کامیاران بەنیسبەت نەبوونی پزیشک ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:53 - 28 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، بەشێک لە هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی "سینا"ی شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە بەنیسبەت کەمیی پزیشک لەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

کوردستان بەگشتی لەگەڵ کەمیی پزیشک بەرەوڕووە و بەپێی وتەی وەزارەتی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمیی پزیشک لە کوردستان دەتوانێت دابەشکردنی نادادپەروەرانەی پزیشک لە کوردستان و ئێران بێت.

هەروەها نەبوونی پزیشک بۆ هۆکارگەلێکی وەکوو کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی ئێران دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بێکاری و نەبوونی داهاتی گونجاوەوە ڕوو لە وڵاتانی دیکە دەکەن.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم کێشەیە، هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران بەهۆی قەیرانەکان، بەتایبەت قەیرانە ئابووری و داراییەکان، گوشارێکی زۆرتریان لەسەرە و زۆربەی خەڵک سەردانی ناوەندە دەرمانییەکان، نەخۆشخانە و پزیشکەکان ناکەن و بەبێ نووسراوەی یاسایی پزیشکەکان، لە دەرمانخانەکاندا بە شێوەی ئازاد دەرمان دەکڕن یان زۆربەی کات خۆیان لە ڕۆیشتن بۆ لای پزیشک و خەرجکردنی پارە بۆ دەوا و دەرمان دەبوێرن.

ڕێژەی پزیشک لە ئێران بەنیسبەت وڵاتانی دیکە کەمتر لە دۆخی ستانداردە و سەرەڕای ئەوەیکە چەند ساڵە بەرپرسانی ڕیژیم ئاگاداری ئەو دۆخەن، بەڵام هەتا ئێستا چارەیەکیان بۆ ئەو کێشەیە نەدۆزیوەتەوە.