کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییان لە کامێران و شارەکانی دەوروبەری بەشدارییان لە پرسە و سەرەخۆشیی شەهید "حەیدەر قوربانی" کرد

11:25 - 30 سەرماوەز 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" هاووڵاتییان لە کامێران و شارەکانی دەوروبەر، سەرەڕای هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە پرسە و سەرەخۆشیی شەهید "حەیدەر قوربانی" بەشدارییان کردووە و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەربڕیوە.

بەپێی زانییارییەکان بەشداربووانی پرسە و سەرەخۆشیی شەهید "حەیدەر قوربانی" ڕاشکاوانە لەهەمبەر هێزە ئەمنییەتییەکاندا وتوویانە: "شەهید حەیدەر ڕۆڵەی ئێمەیە و ڕێگا و ڕێبازی درێژە پێ دەدەین".

شەهید "حەیدەر قوربانی" کوڕی شەهید "عەلی قوربانی" ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ بە تاوانی بەشداری لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕاپێچی بەندیخانە کرا و سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە بەندیخانەی سنە حوکمی ناڕەوای ئێعدامی ئەو نیشتمانپەروەرە ئازادیخوازە جێبەجێ کرا.