کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییان لە ئێران لەگەڵ "بەدخۆراکی" بەرەوڕوون

11:49 - 14 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەز، "جەلالەدین میرزای ڕزاز" سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆراکی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە "بەدخۆراکی" لە ئێران هۆشداریی دا و وتی، هاووڵاتییان بەهۆی کێشەی ئابووری ناتوانن لە ماددە خۆراکییەکانی وەک "پرۆتۆئین، شیرەمەنی، میوە و سەوزەمەنی" کەڵک وەربگرن، بەو هۆیەوە ناچارن "کەربۆهیدرات و چەوریـ"ـیەکان بەکار بهێنن.

ناوبراو وتوویەتی: "بەهۆی ئەوەیکە سیستمێکی زیرەکمان لە بەشی سوبسیددا نییە، هەر ئەو یارمەتییە ماڵییەی کە حکوومەت لە خۆراکدا بۆ توێژی سەرووی داناوە، توێژەکانی خوارووش کەڵکی لێ وەردەگرن".

"میرزای ڕزاز" لە درێژەدا وتی: "پێشتر بڕیارمان دابوو بڕە پارەیەک بە بنەماڵەکانی خەسارهەڵگر بدەین بۆ ئەوەیکە بتوانن بەشێک لە کێشەی خۆراکیانی پێ چارەسەر بکەن، بەڵام ئەو بنەماڵانە بەهۆی کێشە و گرفتەکانی ژیانیان ناچار دەبوون ئەو پارەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی دیکەیان بەکار بێنن".

بەدخۆراکی ئاسەوارێکی زۆری لەسەر گەشەی ئاوەلەمە لە ژنانی دووگیان و تەمەنی خۆناسینی منداڵان هەیە.