کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەک لە سنە بەهۆی "کۆرۆنا"وە گیانی لەدەست دا

10:55 - 8 رەشەمه 2719

ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لە کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پەردەپۆش دەکرێت و لەبارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دەدەن، زانیارییەک بڵاو ناکرێتەوە.

لە نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنە کچێکی تەمەن ٢٧ ساڵ کە دوو حەوتوو پێش به‌هۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە خەوێندرابوو گیانی لەدەست داوە و حەراسەتی نەخۆشخانە تەرمەکەی لەگەڵ خۆی بردووە.

ئەو نەخۆشانەی کە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە دەخەوێندرێن، نەخۆشخانە ناوەکانیان لە لیستەی نەخۆشەکاندا نانووسێت و تەنیا نەخۆشە ئاساییەکان ناوەکانیان لە لیستەدا هەیە.

بەپێی زانیارییەکان، لە هەر بەشێکی نەخۆشخانە ناوی نەخۆشەکان نووسراوە، بەڵام ئەو کەسانەی کە تووشی کۆرۆنا بوونە تەنیا حەراسەتی نەخۆشخانە ناویان دەزانێت.

هەتا ئێستا بە فەرمی لە چەندین پارێزگای ئێران باس لە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەبارەی تووشبووان بە کۆرۆناوە زانیارییەکی ڕاست بڵاو ناکاتەوە، ئەوەش نیگەرانییەکی جیددیی لەنێو خەڵكدا دروست کردووە.

هەتا ئێستا لە ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران زانیارییەکی ڕاست لەبەر دەستدا نییە.