کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەک لە نەغەدە لە شەڕ و دەمەقاڵێیەکدا کوژرا

18:31 - 16 گەلاوێژ 2721

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ دوو هاووڵاتی خەڵکی "شنۆ و نەغەدە" لەنێو شاری "نەغەدە" لە دەمەقاڵێیەکدا کوژران و بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکان هاووڵاتییەک بە ناوی "کەماڵ محەممەدی" خەڵکی گوندی "قەڵاتان" سەر بە شاری "نەغەدە" لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "فەردین ئیبراهیمی" خەڵكی گوندی "گردکاشانـ"ـی "شنۆ" بۆ کاروباری خۆیان سەفەری "نەغەدە" دەکەن.

بەپێی قسەی هاووڵاتییان  ئەو دوو هاووڵاتییە لەنێو شاردا لەگەڵ چەند کەسی دیکە تووشی دەمەقاڵێ دەبن و لە ئەنجامدا "فەردین ئیبراهیمی" لەو دەمەقاڵێیەدا گیانی لەدەست دەدات.

هاوکات "کەماڵ محەممەدی" خەڵکی گوندی "قەڵاتان" بە "قەمە" لێی دەدرێت و بریندار دەبێت.

هەتا ئێستا هۆکاری ئەم شەڕە ڕوون نییە و خەڵکێكی زۆر لەبەردەم کەلانتەریی "١١ی شوهەدا"ی "نەغەدە" کۆبوونەتەوە.

لە ئێستادا دۆخی شاری "نەغەدە" ئاڵۆزە و خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.