کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی بەلووچ بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار کرا

12:44 - 16 پووشپەڕ 2720

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "گەروانی" سەر بە شاری "سەراوان" لە پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی "کەمپەینی چالاکانی بەلووچ"، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەک بە ناوی "مێهران بەلووچزێهی" کوڕی "ئیبراهیم"، خەڵکی گوندی "گەروانی" سەر بە شاری "سەراوان" لە پارێزگای "سیستان و بەلووچستان"، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی ڕێژیم بریندار بوو.

لەو ڕاپۆرتەدا لە زاری سەرچاوە خۆجێییەکانەوە هاتووە: "هێزەکانی سپا بە ماشینی شەخسییەوە هاتوونەتە نێو گوندی گەروانی و تەقەیان لەو ماشینانە کردووە کە سووتەمەنییان پێ بووە".

ئەو ماشینانە کە لەسەر ڕێگای سەرەکیی گوندەکە ڕاوەستابوون، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و هۆشداری پێدان تەقەیان لێکراوە و هێزەکانی سپا پاش تەقەکە هەڵاتوون.

ساڵانە دەیان کەس لە دانیشتووانی خەڵکی ئەو ناوچانە بەتایبەت بەلووچەکان لە پارێزگاکانی "سیستان و بەلووچستان، کرمان و هۆرمۆزگان"، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بریندار دەبن و دەکوژرێن.

ئەوان زیاتر بەتۆمەتی جێبەجێکردنی سووتەمەنی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقەیان لێ دەکرێت.

ئەو پارێزگایانە بەردەوام لەلایەن ڕێژیمەوە خراونەتە پشتگوێ و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ نەکراوە بۆ ژیانێکی ئاسوودە و بێکاری وای کردووە کە خەڵک لەو بەشانەدا ڕوو بکەنە کارگەلی لەو چەشنە کە ڕێژیم بەهۆیەوە گیانیان دەستێنێت.