کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی کۆرۆناوە لە سەقز گیانی لەدەست دا

12:37 - 11 رەشەمه 2719

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست داوە و ڕێژیم نکۆڵی لەوە دەکات کە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە کۆرۆنا بووبێت.

ڕۆژی شەممە، ١٠ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زەینەب حیجازی"، ٥٥ ساڵە و خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا.

هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسیان لەوە کردووە کە ئەو هاووڵاتییە ماوەی چەند ڕۆژ لە بەشی تایبەتی کۆرۆنادا خەوێندرابووە.

لە بەرانبەردا؛ بەناو بەرپرسانی ڕێژیم لەوانە: "بەرپرسانی تۆڕی تەندروستیی ڕیژیم لەو شارەدا"، ئەو ئیدعایەیان ڕەت کردووەتەوە و وتوویانه کە هەتا ئێستا وڵامی ئەرێنیی تووشبوونی ئەو کەسە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاران نەهاتووەتەوە و گیان لەدەستدانی ئەو کەسە بەهۆی کۆرۆناوە ڕەت دەکەینەوە.

هەروەها هاووڵاتییانی خەڵکی مەریوان ڕایانگەیاندووە کە خەڵکی ئەو شارە لەو ڤایرۆسە ترساون.

هەروەها باسیان لەوە کردووە کە ناوێرن بە تاک داوای داخرانی سنوورەکان بکەن و داوایان کردووە کە خەڵکی پارێزگا بەگشتی گوشار بخەنە سەر ڕێژیم بۆ ئەوەی ئەو سنوورە دابخات.

هاووڵاتییان هەروەها باسیان لەوە کردووە کە ڕێژیم کاربەدەستانی ڕێژیمی لە قومەوە هێناوەتە مەریوان و لە "هۆتێل زرێبار" جێگیر کراون.