کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا، پەیامێکیان بڵاو کردەوە

14:00 - 22 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی مەحکووم کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم دەکەین.

بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان، هێرشگەلێکی تۆپخانەیی بەرین هاوکات لەگەڵ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هەلیکۆپتێر، دوێنێ چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، بە سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ئەنجام درا کە هەتاکوو ئەوڕۆش بەردەوام بوو.

ئەم هێرشانە بەشگەلێکی زۆر لە باکوور و باکووری ناوەندیی ناوچەکەی کردە ئامانج کە لە ئاکامدا جگە لە گەیاندنی خەسارێکی فراوان بە ژینگە و لەنێوچوونی مەزرا و لەوەڕگەکان، بەداخەوە بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس لە خەڵکی ناوچەکە و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەش، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش بریندار بوونە کە دۆخی یەکێکیان ناجێگیرە.

ڕاستییەکان ئەوەیە کە ڕێژیم هەموو کات بە بیانووی حوزووری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە کوردستانی ئێران، ناوچە سنوورییەکان و خاکی هەرێمی کوردستانیش دەکاتە ئامانج و دەبێتە هۆی زەرەر و زیانی ماڵی و گیانیی بێگەڕانەوە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە.

 ئەم هێرش و بوردومانانە بە هەر بیانووێکەوە بکرێت سەلمێنەری پێبەندنەبوون و بێڕێزیی کۆماری ئیسلامی، بە لانیکەمی ڕێسا نێونەتەوەییەکان لە پێوەندی لەگەڵ دراوسێکانی خۆیدایە و دەستدرێژی بۆ ناوچەکانی ئەوانیان کردووە بە کردەوەیەکی ئاسایی.

 هەڕەشەکانی فەرماندەیی "قەرارگای ڕەمەزان"، مەترسیی درێژەدان و چڕترکردنەوەی هێرشەکان بۆ ئەو ناوچانە زیاتر دەکاتەوە، ئەم هەوڵانە نموونەیەکی ئاشکرا لە دەستدرێژییە و ڕووژێنەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری زاڵ بە سەر وڵاتی ئێراندایە بۆ پێشوەچوونی ئامانجە شەڕخوازانە و دژە مرۆییەکانی ئەو ڕێژیمە.

ئێمە ئەم هەوڵە دەستدرێژیکارانە بەتوندی مەحکووم دەکەین و وێڕای هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی ئەو ڕووداوە و هیوای تەندروستی بۆ برینداربووانی ئەو هێرشانە، چاوەڕوانیمان لە هەموو هێزەکان هەیە کە بە مەحکوومکردنی ئەو تاوانانە، ڕوومەتی ڕاستەقینەی دژە خەڵکیی ئەو ڕێژیمە هەرچی زیاتر لەقاو بدەن، بەڵکوو باسکی توانای خەڵک و بزووتنەوەی دادپەروەرانە و دێموکراتیکی ئەوان، بە لەنێوبردنی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم بەربەستەی ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی لەسەر ڕێگای خۆی و ناوچەکە هەڵبگرێت.

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران

٢٠ی پووشپەڕ

١١ی جوولای ٢٠١٩

حیزب و سازمانە پێکهینەرەکان: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، شۆرای کاتیی سووسیالیستە چەپەکانی ئێران، ڕێکخراوی یەکیەتیی فیداییانی خەڵکی ئێران، حیزبی خەڵکی بەلووچستان، حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەهواز، بزووتنەوەی دێموکراتیک و لائیکی ئێران، یەکیەتیی دێموکراتیکی ئازەربایجان، بێرلیک".