کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا، بە بۆنەی ٨ی مارس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

13:16 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا، بە  بۆنەی ٨ی مارس ـ ڕۆژی جیهانیی ژن ـ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن: ٤٠ ساڵ خەباتی ژنانی ئێران دژی حکوومەتی ئیسلامی

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەمساڵ ١٠٠ ساڵ لە دیاریکردنی ٨ی مارس، وەک ڕۆژی جیهانیی ژن تێدەپەڕێت. ژنان لە تەواوی ڕۆژەکانی ساڵدا و بە شێوەی جۆاروجۆر بۆ دابینکردنی مافی ئینسانیی خۆیان خەبات دەکەن. لە ڕۆژی ٨ مارسدا هاوکات و یەکگرتوو کە سەرتاسەری جیهاندا، لە زۆربەی وڵاتان دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان هەڵدەبڕن.

ژنان یەکدەنگ دژی پیاوسالاریی، هەڵاواردن، توندوتیژی و نابەرانبەری، دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە و بۆ جیهانێکی باشتر خەبات دەکەن.

لە بەشێکی ئەو بەیانییەدا هاتووە، یەکەمین ڕێوڕەسمی ٨ی مارس، دوای شۆڕشی ٥٧، واتا مانگی ڕەشەمەی ٥٧، خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی مافخوازانەی ژنانی ئێراندایە. لەو ڕۆژەدا هەزاران ژن دژ بە دەرکردنی بڕیاری "حیجابی ئیجباری"، خومەینی کە تازە بە دەسەڵات گەیشتبوو هاوکات یاسای پشتیوانی لە بنەماڵەکانی ئێرانی لابرد.

لەو بەیانییەدا هاتووە، ئەمساڵ ٨ی مارس لە کاتێکدایە کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا ژنان هەر ڕۆژ لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی، توندوتیژی، سووکایەتی، بێڕێزی و هەڵاواردنیان لە بەرانبەریاندا دەکرێت.

هاوکات لەو بەیانییەدا هاتووە "هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا" سەرەڕای ئەوەی کە پشتیوانی لە مافی ژنان دەکات، بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی  ئازاد و بەرانبەر تێدەکۆشێت.

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا

١٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی

٧ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی