کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێران: دەنگی ئێمە ''نا'' بە کۆماری ئێسلامیی ئێرانە

12:07 - 25 رێبەندان 2719

هاوپێوندی بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا بەنیسبەت شانۆی هەڵبژاردنەکانی ١١ـەمین خولی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران کە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمە، بەڕێوە دەچێت لە بەیانییەکدا ڕاگەیاند کە دەنگی ئێمە ''نا'' بە کۆماری ئێسلامیی ئێرانە.

لە بەیانییەدا هاتووە ئەم هەڵبژاردنانە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ئێران لە قەیرانێکی قووڵی ئابووری و سیاسیدا بە سەر دەبات و ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ناڕزایەتی خەڵک بەڕەوڕوویه.

 لەو بەیانییەدا هاتووە هەڵبژاردن لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا هەتا ئیستا ئازاد نەبووە، بەو مانایە کە مافەکانی وەکوو ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادی بەربژێربوون، چالاکیی حیزبە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدنییەکان، مافی بەرابەر بۆ کەڵ وەرگرتن لە میدیا گشتییەکان بۆ دژبەرانی ڕێژیم و... بوونی نەبووە.  

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا لەو بەیانییەدا باسی لەوە کردووە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ باوەرێکی بە دەنگی خەڵک نییە و تەنیا هەوڵ دەدات بە بەشداریی‌کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ڕەوایی بۆ خۆی وەربگرێت.

بۆ ڕێژیمی ئێسلامیی ئیران تەنیا هاتنە سەر سەندووقی خەڵک گرینگە کە پڕۆپاگەندای پێوە بکات، نەک ئاکامی هەڵبژاردنەکان.

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا لە سەر ئەو بڕوایەیە کە کێشەی ئەمڕوی کۆمەڵگای ئێران بە گۆرینی بە ناو نوێنەرانی مەجلیس چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو کێشەکە  بنەڕەتی و پێکهاتەییە و تەنیا بەلابردنی ڕێژیمی دینیی ئێران چارەسەر دەبێت و بەربەستی هەرەگەورەی پێشکەوتنی کۆمەڵگای ئێران ڕێژیمی دژە خەڵک و گەندڵی بە ناو کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

لەو بەیانییەدا ڕوو لە خەڵک هاتووە، یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە فەرمی دەرفەتی حزووری جیابیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە هەڵبژاردنەکان وەلا دەنێت و  بەشی هەموو هێزە سێکۆلار و دێموکرات و چەپی ئێران لە ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمە، سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و دوورخرانەوە بووە.

هاوپێوەندی بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا لە کۆتایی بەیانییەکدا باسی لەوە کردووە، دۆخی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و ناڕازی‌بوونی خەڵک لە دۆخی وڵات و لەم ڕێژیمە، ئەو ئیمکانەی پێک هێناوە  کە بە هەوڵی ئۆپۆزیسیونێکی دێموکرات و ئازادیخواز بتوانین بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان بکەینە بزوتنەوەیەکی گشتی.