کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانانی "حیزبوڵڵا"ی لوبنان لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانیی ئەو وڵاتەدا شکستیان هێنا

18:50 - 26 بانەمەڕ 2722

حیزبی "نیشتمانی ئازاد" بە ڕێبەرایەتیی "میشێل عەون" کە هاوپەیمانی "حیزبوڵڵای لوبنانـ"ـە لە هەڵبژاردنی پارلمانیی لوبناندا دەنگی تەواوی بەدەست نەهێنا و لە بەرامبەردا حیزبی " قوای لوبنانی" کە سەر بە عەرەبستانی سعوودییە، سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

تا ئێستا دەنگەکانی هەڵبژاردن بە تەواوی یەکلا نەکراونەتەوە و شوێنی ١٢٨ نوێنەری پارلمان بە تەواوی دیاری نەکراوە.

حیزبوڵڵا کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و هاوپەیمانانی لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانیی "لوبنان" لە ساڵی ٢٠١٨دا توانیبوویان ٧١ کورسیی پارلمان بەدەست بهێنن.

ساڵی ٢٠٢٠ دوای ئەوەی داڕمانێکی ئابووری و تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری "بەیرووت" ڕوویدا، هۆکاری ئەو ڕووداوانە خرانە سەر ملی دەسەڵاتدارانی حاکم و بە ڕای خاوەنڕایان خەڵک لەسەر ئەو ڕووداوانە سەرلەنوێ دەنگیان بە دەسەڵاتداران نەدایەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی ٢٥ی بانەمەڕدا "تەلان ئەرسەلان" سیاسەتوانی هاوپەیمانیی "حیزبوڵڵا" کە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە چووەتە پارلمان، سەر نەکەوت و جێگای خۆی دا بە "مارک زەوی" سیاسەتوانی نوێی لوبنانی کە دروشمی چاکسازیی هەڵگرتووە.

"تەلان ئەرسەلان" لە سی ساڵی ڕابردوودا لە دەوڵەت و پارلمانی لوبناندا بەشداریی هەبووە و بەهۆی کارەکانی لەو ساڵانەدا لەلای خەڵکی لوبنان ڕووخسارێکی بێزراوی لێ دەرهاتووە.

لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا "حیزبوڵڵا" زۆرترین پشتیوانیی لە ناوچەکانی باشووری لوبنانەوە لێ دەکرا بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئێستادا بۆ یەکەمجار لەو ناوچەیە نوێنەرێک هەڵبژێردراوە کە دژی "حیزبوڵڵا"ی لوبنانە.