کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری سەرکوت و کوشتنی خەڵکی بێتاوان مەحکووم دەکات

11:03 - 27 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتی هاواهەنگیی هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران، سەرکوت و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی مەحکووم کرد.

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، بە ئاوڕدانەوە لە بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە بەڵێنی درۆ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئاماژەی بە جێبەجێ نەبوونی بەڵێنییەکان و زۆربوونەوەی ئاماری هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان و خووگری بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئێران لە بواری لەسێدارەدان، هەژاری، گەندەڵیی سیستماتیکی دەوڵەتی، لەشفرۆشی و فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، خۆکوژی و خۆسووتاندن لە ناوچەکە و جیهاندا ڕێکۆرددارە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا وێڕای ئاماژە بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران کە ئابووریی وڵاتەکەی بەرەو داڕمان بردووە، باس لە گرانبوونی نرخی بێنزین و ڕژانە سەر شەقامی خەڵکی ئێران کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە سەرکوتکارییەکان لە ناوچەکانی کوردستان، ئازەربایجان و شارە عەرەبەکاندا زیاتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێرانە.

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری، وێڕای پشتیوانی لە هەستانەوەی خەڵک، سەرکوت و کوشتنی ئازادیخوازانی مەحکووم کردووە و لە سەر ئەو بڕوایەیە کە :

١ـ هاوپەیمانیی هەرچی زیاتری خەڵک لە سەرتاسەری ئێراندا و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان تا بەچۆکداهێنانی ڕێژیمی ئێران، مافی خەڵکی ئێرانە.

٢ـ دەسەڵات دەبێ توندوتیژی تەواو بکات و هۆکارەکانی کوشتنی خەڵک وەکوو هۆکارەکانی جینایەت دژی مرۆڤایەتی لە دادگایەکی خەڵکیدا موحاکمە بکرێن. کۆماری ئیسلامی هیچ ڕەواییەکی نییە و ڕووخانیشی مافی سروشتیی خەڵکی ئێرانە.

٣ـ ئۆپۆزسیۆنی ئازادیخواز، دێموکرات و ئازادیخوازەکانی نیشتەجێی دەرەوەش بە هاودەنگی دەبێ دەنگی خەڵکی ئێران بن و بە دەرکردنی بەیاننامەی هاوبەش و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ناوەندی شارەکانی وڵاتە ئورووپاییەکاندا، پشتیوانی لە خەڵک بکەن.

٤ـ کۆمەڵگای جیهانی و نێونەتەوەیی دەبێ بە زۆرکردنەوەی گوشارەکان دژی ڕێژیمی ئێران، پێش بە سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرن و دەسەڵاتی دژە مرۆیی ئێران ناچار بە جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵک بکەن.

لە کۆتاییشدا هاتووە، هاوپەیمانی بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا، بڕوای بە دێموکراسی، ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و مافی دەسەڵاتدارێتی خەڵکی ئێرانە، بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە لەمپەرێک لە سەر ڕێگای پێشکەوتن و دابینکردنی مافی خەڵکی ئێران و داهاتووی نەوەی نوێ دەزانێت.