کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

11:56 - 19 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا وێڕای پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی عێراق دژ به بێکاری و هەژاری، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانی لەم وڵاتەدا محکووم کرد.

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا لەم ڕاگەیەندراوەدا، پشتیوانیی لە خەباتی خەڵکی عێراق، دژ بە هەژاری، بێکاری و گەندەڵی و هەروەها دژ بە دەستێوەردانە نیزامی و سیاسییەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا وێڕای داواکاری بۆ هەرچی زووتر چوونەدەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە خاکی عێراق، باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە بە مەبەستی سەپاندن و بە بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتی ڕەش و دژەمرۆیی خۆی، سیاسەتی دروستکردنی قەیرانی لەبەرگرتووە.

هەروەها وتنەوەی دروشمگەلێکی وەک: "هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی"، "ڕزگارکردنی قودس لە ڕێگەی کەربەلاوە دەبێت" و "لەنێوبردنی ئیسرائیل" و... بە نیشانەی بەرچاوی ئامانجە شەڕخوازانەکانی ڕێژیمی ئێران زانراوە کە لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ "سەدامـ"ـدا خەساری ماڵی و گیانیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا ئاماژەی بە ئاسەوارەکانی دروستکردنی قەیران لە لایەن ڕێژیمەوە کردووە کە بریتین لە: "بەفیڕۆدانی داهاتە نەوتییە میلیاردییەکان و پشتیوانی لە ڕێکخراوە توندئاژۆکان، دەستێوەردانی ئاشکرای سیاسی و نیزامی، قاچاخی ماددەی هۆشبەر، سازماندان و یارمەتیدانی گرووپگەلی تێرۆریستی و...".

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا لە کۆتاییدا باسی لەوە کردووە کە بڕوای وایە، ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی ستەمکارە و بە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، زیندانی کردن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، ئازادیی لە خەڵک ئەستاندووە، بۆیە دەبێ کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بهێندرێت.