کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری: ناو و ڕێگای "حەسەن حەیدەری" بۆ ئێمە و نەوەی داهاتووی ئێران بە زیندوویی دەمێنێتەوە

11:17 - 25 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا، لەمەڕ مەرگی لەناکاو و گوماناویی "حەسەن حەیدەری" شاعیری شۆڕشگێڕی عەرەبی ئێرانی ڕاگەیەنداوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ناوی ئەو شاعیرە بۆ هەتاهەتایە لە ئێراندا زیندوو دەمێنێتەوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا کە ٢٤ی خەزەڵوەری ٩٨ بڵاو کراوەتەوە، سەرەتا  باس لەوە کراوە کە مەرگی لەناکاو و گوماناویی ئەم شاعیرە لە درێژەی تێرۆر، لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردنی سەدان شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەوان و چالاکی کرێکاری و مەدەنیدا، کارنامەی پڕ لە شەرمی ڕێژیمی ئێرانی قورستر کردووەتەوە.

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری باسی لەوە کردووە کە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم نەیانهێشتووە کە تەنانەت ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم شاعیرە عەرەبە بە دڵخوازی خزم و هاوڕێکانی و بەپێی ئایین و زمانی عەرەبی بەڕێوە بچێت.

لەم ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە خەڵکی ئێران، خوازیاری مەرگی ئەو  ڕێژیمەن کە جگە لە زیندان، ئەشکەنجە، کوشتن و لەنێوبردنی سامانە ماددی و مرۆییەکانی کۆمەڵگا و پەرەدانی گەندەڵی هیچ دەسکەوتێکی بەدواوە نەبووە، هەر بۆیە لە هەموو لایەک، دەنگی هاواری "بڕووخێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی" بە گوێ دەگات.

هاوپەیمانی بۆ ئازادی و بەرابەری لە کۆتاییدا، وێڕای سەرەخۆشی لە هەموو خەڵكی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی عەرەب و بنەماڵەی "حەسەن حەیدەری"، ڕایگەیاندووە، بۆ ئێمە و نەوەی داهاتووی ئێرانیش، ناو و یادی ئەم شاعیرە بە زیندوویی و بەردەوامی دەمێنێتەوە.