کوردستان میدیا: هاوپەیمانی دێموکراسی و دادپەروەری وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەدەم کێشە و گرفتەکانەوە بچێت.
ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانی دێموکراسی و دادپەروەری
ئەمڕۆ بارەگاكانی هەر دوو حیزبی دێموكراتی ئێران (حدكا) و حیزبی دێموكراتی كوردستان (حدک) لە كۆیە لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆمباران كران. لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا چەندین قوربانی لێكەوتەوە.
ئەم ڕووداوە لە كاتێكدایە كە ناوچە سنورییەكانی هەرێم چەند ڕۆژێكە لە لایەن ئێران و تورکیەوە بۆردمان دەكرێن. وێڕای نیگەرانی لە بۆردوومانكردنی كۆیە و ناوچە سنوورییەكان، جەخت دەکەینەوە کە ناکرێ خاکی هەرێم ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئەمنییەتی دراوسییەکان. ئێمە هەموو جۆرە توندووتیژی و شەڕێک مەحکووم دەکەین و خوازیاری ئەوەین ڕەوشی هەرێمی كوردستان تووشی ئاڵۆزی نەكرێت و ناوچەكانی هەرێم نەكرێتە شوێنی ململانێ و یەكلاکردنەوەی گرفتە دەرەكییەكان، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەكەین ئارامی ناوچەكە بپارێزن و هیچ بەهانەیەک نەهێڵنەوە بۆ دروستكردنی بارگرژی و دەستێوەردان.
هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكوومەتی هەرێم دەكەین پەلە بكەن لەوەی بەدەم گرفتەكەوە بچن و ڕێگری بكەن لە دووبارەبونەوەی رووداوی لەو چەشنە. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیەكان دەكەین و هیوادارین بریندارەكان خودا زوو شفیان بۆ بنێرێت.