کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی عەرەبی بنکەیەکی شاراوەی سپای پاسدارانی لە یەمەن کردە ئامانج

17:36 - 9 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەز، هاوپەیمانیی عەرەبی بە ڕێبەریی عەرەبستان ڕایگەیاند کە بنکەیەکی شاراوەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیران لە ''سەنعا''ی پێتەختی یەمەنی کردووەتە ئامانج.

هاوپەیمانی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا وتوویەتی کە ئەو بنکەیە بۆ کۆکردنەوە و ڕاگرتنی مووشەکی بالستیک لەنێو سەنعا، کەڵکی لێ وەردەگیرا.

بە وتەی هاوپەیمانیی عەرەبی لەو هێرشە ئاسمانییەدا ژمارەیەک کارگای مونتاژی مووشەکی بالستیک لە پایگای نیزامیی ''ئەلدیلمی'' کە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا هەڵکەوتووە، بەتەواوی خاپوور کراون.

ئەو هێرشە وەکوو هەوڵێکی پێشگیرانە بۆ پاراستنی کەسانی مەدەنی و شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە یەمەن و عەرەبستان لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان ئەنجام دراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەز، هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاند، لە هێرشی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر بنکەکەکانی حوسییەکان لە ''مارب و ئەلجوف''، ١٢ ماشینی نیزامی تێک شکێندراون و زیاتر لە ٨٥ چەکداری حوسییەکان کوژاون.

هەروەها هاوپەیمانی عەرەبی ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز ڕایگەیاند: "فڕۆکەخانەی سەنعا بۆ سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان بووە بە شوێنی هێرش بۆ دەرەوەی سنوورەکان".

ئەو هاوپەیمانییە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە حوسییەکان بە یارمەتیی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان، فڕۆکەخانەی سەنعا، خەڵکی ئاسایی و دامودەزگای نێو شاریان کردووەتە ئامانج.