کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی عەرەبی هێرشی کردە سەر حووسییەکانی یەمەن

13:12 - 26 رێبەندان 2719

ژوورێکی عەمەلیاتی حووسیەکانی یەمەن لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی عەرەبەوە کرانە ئامانجی هێرشێکی بەربڵاو.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕێبەندان، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی، لە شاری "حەیدان" لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای "سەعدە" هێرشیان کردە سەر ژوورێکی عەمەلیاتیی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن.

لەو هێرشەدا شوێنی هێرشەکە بە تەواوەتی وێران کراوە و تەواوی ئەو کەسانەی کە تێیدا بوونە کوژراون.

بەپێی زانیارییەکان فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی، هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەگەلێکی جیاواز لە شارەکانی "ڕازح، سەحار و ساقەین".

"موعەمەر ئێریانی"، وەزیری زانیاری گەیاندنی یەمەن، ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ڕێبەندان، ڕایگەیاند: "قسەکانی سەرتیپ ئەمیر حاجیزادە، فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی ئێران و سەرتیپ محەممەد حیجازی، جێگری فەرماندەی سپای قودس لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ئەلمەسیرە، دانپێدانانی ئاشکرای ئێران بە بوونی لە دەریای سوور و دانپێدانانی فەرمی لە شەڕدا لە پاڵ میلیشیا حووسییەکانە".

ناوبراو وتوویەتی کە ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانە کە بەدی هاتووە لە چوارچێوەی ئاکارگەلێکە کە ڕێژیمی ئێران، بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی  تێرۆریست "قاسم سلێمانی" بەڕێوەی دەبات.

ئێریانی هەروەها داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی لە شۆرای ئەمنییەت کردووە کە "دەستدرێژیی ئاشکرای ئێران لە وڵاتی یەمەندا مەحکووم بکەن".