کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی عەرەبی چەندین مینی چێندراوی دروستکراوی ئێرانی لە دەریای "سوور"دا لەنێو برد

16:36 - 29 سەرماوەز 2720

فەرماندەیی هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە مینگەلێکی دەریاییان لە جۆری "سەدەف" کە دروستکراوی ڕێژیمی ئێرانە و لەلایەن حوسییەکانەوە دانراوەتەوە دۆزیوەتەوە و لەنێویان بردووە.

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی لایەنگری دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەز، ڕایگەیاندووە؛ مینی دەریاییان لە باشووری دەریای "سوور"دا دۆزیوەتەوە و لەنێویان بردووە.

ئەو مینانە دروستکراوی ڕێژیمی ئێران بووە و حووسییەکان دایانناوەتەوە.

فەرماندەیی هاوپەیمانیی عەرەبی هەروەها وتوویەتی: "هەوڵە ئاژاوەگێڕانەکانی حووسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیە بۆ سەر تەناهیی گەرووی بابولمەندەب".

بەگشتی ١٧١ مینی دەریایی کە بە شێوەی ناڕێک لەلایەن میلیشیا چەکدارە حووسییەکانەوە دانراوەتەوە لەلایەن فەرماندەیی هاوپەیمانیی عەرەبییەوە کۆ کراوەتەوە و لەنێو براوە.

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەز ڕایگەیاندووە: "میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان، مووشەکێکی بالستیکییان لە پارێزگای سەنعاوە هاویشتووە کە ئەو مووشەکە کەوتووەتە نێو پارێزگای سەعدە".

سەرتیپ "تورکی ئەلمالکی" لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە میلیشیا چەکدارە حووسییەکان بە هاویشتنی مووشەکی بالستیک و هاویشتنی کوێرانەی ئەو مووشەکانە بەرەو ناوچەکانی کە نیزامی نییە، هەڕەشە لە گیانی سەدان کەسی سڤیل دەکەن و ئەمە پێشیلکردنی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆڤتەوەرانەکانە.