کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە پشتیوانییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

10:24 - 29 بەفرانبار 2721

"کارل هریس" جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەریی ئامریکا، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پشتیوانی هەمە لایەنە لە هێزی پێشمەرگە کردووە.

لەو دیدارەدا، "کارل هریس" وتوویەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی مەترسییەکانی داعش لەسەر عێراق و ناوچەکە، گرینگیدان و پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژاوایی ڕۆڵ و کاریگەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شەڕ دژی داعش بەرز نرخاندووە و ڕایانگەیاندووە کە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان دژی تێرۆر شەڕ دەکات.

گرووپی تێرۆریستیی داعش ساڵی ٢٠١٤ی زایینی هێرشی کردە سەر کوردستان و عێراق و دواتر هێرشی کردە سەر ناوچە کوردنشینەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە به توندی بەرپەرچی درایەوە و تێکشا.