کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند

12:31 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا بە بەشداریی دە حیزب و لایەنی سیاسی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کرد.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی دەسپێکردنی چالاکی:

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا

چل ساڵ لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبێت، لەو ماوەیەدا بەرهەمێکی جیا لە جەنایەت، سەرکوت، کوشتار و ئێعدام، تاڵان و بەرزبوونەوەی هەژاری بۆ خەڵک نەبووە. لە وەها دۆخێکدا، شایەتی ئەوە بووینە کە کۆمەڵانی خەڵک بۆ لابردنی هەڵاواردن، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خەبات بۆ بەرانبەریی نەتەوەکانی ئیران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و کرێکارییەکان، ژنان، خوێندکاران، وەرزێڕان، فەرهەنگییان، پاراستنی ژینگە، بێکاران و هەژارانیش بە هەمان شێوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوه.

قووڵبوونەوەی قەیرانەکان چوارچێوەی کۆمەڵگای ئێرانی تەنیوە و لە لایەکی دیکەوە چڕتڕبوونەوەی دوژمنایەتی توندی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و ئاستی نێودەوڵەتیدا لە بواری پێوەندییەکاندا ڕێژیمی ئێرانی لە جارانی پێشوو بێهێزتر کردووە و خستووەیەتە سەرەولێژی ڕووخانەوە.

لەوەها دۆخێکدا درێژەی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە جیا لە زیان و کێشەخولقێنیی زیاتر هیچ قازانجێکی نییە، هەر بۆیە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو هێزەکانی کۆماریخواز و دێموکرات بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵک لە هەموو کاتێکدا پێویستتره.

بە لێکدانەوە و تێگەیشتن لەو ڕاستییە ئێمە حیزب و ڕێکخراوەکانی واژۆکاری لێتێگەیشتنامەی ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٦ی نوامبری ٢٠١٨ی زایینی، هاوکاریی فەرمیی خۆمان لە ژێر ئەم ناوە ڕادەگەێنین.

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئێمە بە شێوەی هاوبەش بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دانانی نیزامێکی هەڵقووڵاو لەسەر دەنگدانی خەڵک بەپێی کۆماری، دێموکراسی، جیایی دین لە دەوڵەت و فیدراڵیزم کە دابینکردنی مافی نەتەوەیی ـ دێموکراتیک خەڵک بێت؛ خەبات دەکەین.

ئێمە پشتیوانی لە خەباتی ئازادیخوازانە و مافویستانەی خەڵکی ئیران دەکەین و بۆ کۆتاییهێنان بە زوڵم و زۆر و دابینکردنی مافی بەرانبەر، ئێرانێکی فیدراڵ، ئازاد، ئاوەدان، دێموکراتیک و یەکپارچە و یەکگرتوو خەبات دەکەین.

ئێمە خوازایاری ئازادی و ئاشتین و دژی سیاسەتی دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئیران، لە ناوچە و جیهانداین.

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا، بە مەبەستی بەرینترکردن و بەشداریی لایەنەکانی دیکە لە ئێراندا دەستی هاوکاری بۆ هەموو بنکە، ناوەند، ڕێکخراو، حیزب و کەسایەتییەکان و باقی لایەنەکانی دیکە ڕادەکێشێت.

هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا

٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٣ی فیورییەی ٢٠١٩ی زایینی