کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانەتیی عەرەبی جارێکی تر هێرشی کردە سەر حوسییەکانی یەمەن

13:23 - 17 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی، جارێکی تر هێرشیان کردە سەر حوسییەکانی یەمەن و هێزەکانی لقی قودسی سپای پاسداران لە وڵاتی یەمەن.

سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی ۱٦ی خاکەلێوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی، لە چوار هێرشی پێسپێردراوی جیاوازدا، بە چڕوپڕی مۆڵگە و حەشارگەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا چەکدارە تێرۆریستە حوسییەکانی یەمەن، لە ناوچەکانی پارێزگای "حەجە"، لە وڵاتی یەمەنیان کردووتە ئامانج و لە ئاکامدا چەندین تێرۆریست کوژراون.

لەمبارەیەوە، بەرپرسێکی سەربازیی سپای نیشتمانی یەمەن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە: فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی کە پاڵپشتی لە حکوومەتی یاسایی یەمەن دەکەن، کۆبوونەوەکانی میلیشیا چەکدارە حوسییەکان و کەلوپەل و کەرەستە سەربازییەکانیانی کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا چەندین کەس لە میلیشیاکان کوژراون و چوار ترۆمۆبیلی زرێهی تێکشکێندراوە.

لەم پێوەندییەدا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵدەرییە عەرەبییەکان ڕایانگەیاندووە، کە هێزەکانی سپای نیشتمانیی یەمەن، چەند هێرشێکی چڕیان بۆ سەر مۆڵگە و حەشارگە هاوبەشەکانی میلیشیا حوسییەکانی یەمەن و لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لە چەندین ناوچەی جیاجیای وڵاتی یەمەن ئەنجام داوە و لە ئاکامدا کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی و بنکەیەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خاپوور کراون کە تێکڕای فڕۆکە سیخۆڕییەکان تێکشکاون و چەندین کەس لە میلیشیا حوسییەکان و هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون.

هەروەها سپای نیشتمانیی یەمەن، ڕۆژی پێنجشەممە ۱٤ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند؛ لە ناوچەی ئەلفازە، کە لە ڕۆژاوای پارێزگای "ئەلحەدیدە" هەڵکەوتووە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی (ئەبابەیل T)، درووستکراوی ئێران، لە لایەن میلیشیا چەکدارە حوسییەکانەوە بۆمبڕێژ و بەرەو شوێنە گشتییەکان کە خەڵکی مەدەنی لێی نیشتەجێ بوون ڕەوانە کراوە، بەڵام بەرلەوەی کە بگاتە ئامانجە دیاریکراوەکەی، لە لایەن هێزەکانی بەرگریی سپای نیشتمانی یەمەنەوە تێکشکێندراوە.