کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوڕێ و هاوکارێکی دڵسۆزی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی پاوەدا شەهید کرا

12:01 - 9 پووشپەڕ 2720

شەهیدی ژینگەپارێز کاک "موختار خەندانی"، ئەندامی بەوەجی حیزبی دێموکرات و هاوڕێ و هاوکارێکی دڵسۆز و کارامەی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی پاوەدا شەهید بوو.

شەهید "موختار خەندانی" لە ماوەی دەستپێکی بەرنامەکانی "تیشک تیڤیـ"ـدا، چەندین جار پارەی وەک یارمەتیی ماڵی بۆ بەڕێوەبەرانی "تیشک تیڤی" ناردووە و چالاکانە لەو بوارەدا یارمەتیدەر بووە.

هەروەها شەهید "موختار" یەکێک لە هاوکارە کارامەکانی بەرنامەکانی بەشی "هەورامیـ"ـی "تیشک تیڤی" بووە کە چالاکانە و لێبڕاوانە هاوکاریی کردووە.

ناوبراو لە ماوەی ئەندامیەتیی خۆیدا، ئەندامێکی لێوەشاوە و لێهاتوو، ژینگەپارێزێکی نەسرەوتوو، هاوڕێ و هاوکارێکی دڵسۆز و کارامەی "تیشک تیڤی" بوو و هەموو کاتێک خزمەتکردن بە گەل و نیشتمانەکەی بە شانازی دەزانی و بەوپەڕی گیانبازی و فیداکارییەوە هەموو ئەرکێکی بە باشترین شێوە بەڕێوە دەبرد.

شەهید "موختار خەندانی" لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕ، هاوڕێ لەگەڵ دوو ژینگەپارێزی دیکە بە ناوەکانی "یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی"، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەی دارستانەکانی پاوەدا شەهید بوون.