کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوژینی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە ناوچەی هەوشار کۆچی دوایی کرد

19:00 - 14 جۆزەردان 2722

دایە ''خاوەر بەهرامی'' هاوسەری شەهید مامۆستا ''مەلا ئەحمەد مورادی'' ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

دایە ''خاوەر'' ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە گوندی ''بیچاقی'' لە ناوچەی هەوشار لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٥٨دا پاش ئەوەیکە ''مامۆستا مەلا ئەحمەد'' هاتە ڕیزی شۆڕش و بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، وێڕای چاودێری و بەخێوکردنی منداڵەکانی بەردەوام لەلایەن بەکرێگیراوان و هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە خراوەتە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە، بەڵام دایە خاوەر وێڕای چاو سوورکردن و هەڕەشەکانی ڕێژیم ماڵەکەی ببوو بە مەکۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان .

شەهید مامۆستا مەلا ئەحمەد مورادی ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی لە گوندی ''مەرمەر'' لەدایک بووە و ساڵی  ١٣٥٨ی هەتاوی هاتووەتە نێو ڕێزی هێزی پێشمەرگە و هەتا ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتیی ناوچەی هەوشار بووە و دواتر چووەتە کۆمیتە شارستانی دیواندەرە و هەتا ١٣٦٤ بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمەگناسییەوە ئەرکەکانی ڕاپەڕاندووە.

مەلا ئەحمەد بەهۆی ئەو گیروگرفتە کەسییانەی کە هەیبوو گەڕاوەتەوە نێوخۆ، بەڵام هەر ئەمەگناسانە لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام بووە، هەر بۆیە لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەردەوام خراوەتە ژێر چاودێری و لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە چەندین جار ڕاپێچی بەندیخانە کرا و لە ئەنجامی ئەو ئازار و ئەشکەنجانە تووشی نەخۆشی بووە و لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٨١ کۆچی دوایی کرد.

جێگای ئاماژەیە یەکێک لە کوڕەکانی دایە خاوەر و مامۆستا مەلا ئەحمەد مورادی بە ناوی ''ڕەزا مورادی'' ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب بوو و ئێستاش وەک تێکۆشەرێکی ڕێگا و ڕێبازی باوکی و سەرجەم شەهیدانی حیزب وەک ئەندامی حیزب لە تێکۆشان بەردەوامە.

تەرمی دایە ''خاوەر'' لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.