ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە حاجییە "سۆعدا تاها"، هاوژینی شەهید "مەحموود پیرەباب"، خەڵکی "مەهاباد"، دوای تەمەنێک پڕسەروەری لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجییە "سۆعدا" ژنێکی نیشتمانپەروەر بووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە هاوژینەکەی، شەهید "مەحموود" و هەروەها بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.
شەهید "مەحموود پیرەباب" لە "مەهاباد" لەدایک بووە. ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل و نیشتمانەکەی، وەکوو "سەرپەل" ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.
دەرەنجام شەهید "مەحموود" لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێک دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی "شاروێرانـ"ـی مەهاباد شەهید کراوە و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بووە.
تەرمی حاجییە "سۆعدا" لە مەهاباد بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.