باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە هەڕەشەی لە تورکیە کردووە کە لە ئەگەری درێژەپێدان بە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە موستەشارانەکانیان لە سووریە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی تورکیە.
پاش بەردەوامیی هێرشەکانی سپای تورکیە بۆ سەر ڕێژیمی سووریە و بنکە موستەشارانەکانی ڕێژیمی ئیران لەو وڵاتەدا، باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە هەڕەشەی لە تورکیە کردووە کە وڵامی دیاریکراو و بەهێز بە هێرشەکانی دەداتەوە.
ئەو هەڕەشانەی تاران بۆ سەر تورکیە لە کاتێکدایە کە سپای تورکیە هێرشەکانی بۆ سەر ڕێژیمی سووریە بە درێژەدانی ئۆپراسیۆنی "قەڵغانی بەهار"، چڕتر کردووەتەوە.
وەزیری بەرگریی تورکیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی خۆمان تا ئەو کاتەی هێزەکانی سووریە دەگەڕێنەوە سەر خاڵی دیاریکراوی گرێبەستی "سووچی"، بەردەوام دەکەن.
لە هێرشەکانی سپای تورکیە بۆ سەر ڕێژیمی سووریە، ٢١ میلیشیای سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژیمی ئێران و چەند فەرماندەی پلە باڵای ڕێژیمی ئێرانیش کوژران.
هەروەها "خلووسی ئاکار"، وەزیری بەرگریی تورکیە وتوویەتی: "تا ئێستا لەو ئۆپراسیۆنەدا، ٢١٢٢ کەس لە هێزەکانی سووریە کوژراون"، هەروەها ئاماژەی بە زەرەر و زیانی بەرچاوی کەرەستە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی سووریە لەو هێرشانەدا کرد.