کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی چەکوچۆڵ، ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە وڵاتانی جیهان کردووە

17:54 - 27 رەزبەر 2720

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی گەمارۆکانی چەکوچۆڵ لەسەر وڵاتەکەی هەڕەشەی لە ئامریکا و وڵاتانی جیهان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک باسی لە کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لەسەر چەکوچۆڵی ئێران کردووە و ئەو ڕۆژەی بە "ڕۆژێکی گرینگ بۆ کۆمەڵگای جیهانی" وەسف کردووە.

ڕێژیمی ئێران هەروەها داوای لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کردووە کە خۆیان لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای تەناهی "ڕێک بخەن".

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ئامریکا و وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کردووە کە هەر چەشنە هەوڵێک بەمەبەستی پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ و بەتایبەت بەندی یەکەمی ئەو بڕیارنامەیە و چوارچێوەی کاتیی دیاریکراو تێیدا؛ بە پێشێلکردنی بڕیارنامەکە و ئامانجەکانی بەرجام بە لە قەڵەم دەدات و لەبەرانبەردا هەوڵی پێویست بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەگرێتە بەر.

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەو بەیانییەدا بڵاوی کردووتەوە: "چەکوچۆڵی کوشتنی بەکۆمەڵ و ڕێگەپێنەدراو و هاوەردەکردنی لەڕادەبەدەری چەکوچۆڵی ڕێگەپێدراو لە دوکتۆرینی کۆماری ئیسلامیدا جێگای نابێتەوە ".

ئەوە لەحاڵێکدایە کە پێشتر ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کردبوو کە بە کۆتایی پێهاتنی گەمارۆی چەکوچۆڵ، چەکوچۆڵ بۆ هەموو جیهان دەنێرێت.

هەروەها ئەو ڕێژیمە بەڵێنییەکانی بەرجامی شکاندووە و ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بەرز کردووەتەوە و بەدوای دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکییەوەیە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هۆشداریی دابوو کە ئەگەر پێش بە ڕێژیمی ئێران نەگیردرێت؛ ئەو ڕێژیمە بە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە ناوچەکەدا پەرە بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی دەدات.