کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوەردەکردنی نەوتی هیندوستان لە ئێران دابەزی

13:12 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوەردەکردنی نەوتی هیندوستان لە ئێرانەوە دانا و بووەتە هۆی دابەزینی ٤٥٪ی لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە لە هەندێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، ڕێژەی هاوردەکردنی نەوتی هیندوستان لە ئێراندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤٥٪ دابەزیوە، بە شێوەیەک کە لە ٥٠٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە بۆ ٢٧٠ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا.

هاوەردەکردنی نەوتی هیندوستان لە ئێراندا، لە ١٠ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا کە لە مانگی گوڵانەوە دەستی پێ کرد، بە هۆی کڕینی زۆری نەوت تا پێش لە گەمارۆوەکانی ئامریکا ١٤/٥٪ هەڵکشا، کە دواتر ئەم رێژەیە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەرڕێژیمی ئێران دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆوە بینی.

جێی ئاماژەیە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، بۆ بێکاریگەری نیشاندانی گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هۆکاری دابەزینی هاوردەکردنی نەوتی هیندوستان لە ئێرانیان گەڕاندەوە بۆ" ناکۆکی لەسەر ڕادەستکردنی مافی گەشەپێدانی مەیدانێکی گازی گەورەی ئێران".

دوابەدوای گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەشێکی زۆری کۆمپانیا ناودارەکان و وڵاتانی ناوچەکە گەمارۆیان خستووەتە سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی ئێران و زۆربەشیان هاوەردەکردنی نەوتییان لەو ڕێژیمە ڕاگرتووە.