کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هایکۆ ماس: ڕەشبینیمان بەنیسبەت ئێران، هۆکاری پیداگریمان لەسەر بەرجامە

13:13 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان باسی لەوە کردووە، پێداگریمان لەسەر بەرجام بە هۆی ڕەشبینی نیسبەت بە ئێرانە، دنیا بە بەرجامەوە ئەمنترە هەتا ئەوەی کە بەرجامێک نەبێت.

هایکۆ ماس، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ویبسایتی "تی.ئانلاین"(t-online)، باسی لە ڕوانگەکانی ئاڵمان سەبارەت بە چارەنووسی بەرجام و پێوەندیی لەگەێ ڕێژیمی ئێران و هەڵویستەکانی ئامریکا کردووە.

ناوبراو لەو وتووێژەدا وتوویەتی: "ئێمە بەنیسبەت ئێرانەوە ڕەشبینین، بۆیە پێمان خۆشە کە بەرجام بمێنێتەوە و لەسەری پێداگرین".

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە هەڵسوکەوتە تێکدەرانە و هەڵەکان لە ناوچەکەدا، کە لەڕۆژانی ڕابردوودا ڕووی داوە، ڕێگاخۆشکەرە بۆ ڕوودانی شەڕێکی نەخوازراو.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: کەمکردنەوەی ئاستی ناکۆکییەکان، زەروورەتێکی ئاشکرایە، کە لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە.

ماس لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە دۆخی ڕاگرتنی بەرجام، پاش چوونەدەرەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتننامەیە، ئەستەمترە و ئەو داواکارییە ئابوورییانە کە ئێران لە بەرجام هەیەتی بە سەختی دەستەبەر دەبێت، بەڵام ئێمە هەوڵی خۆمان لەو پێناوەدا دەدەین.

هەر لەو پێوەندییەدا، "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان"، یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و بەرپرسی گشتیی کاروباری نێونەتەوەیی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ "یێنس پلۆتنێر"، بەرپرسی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، کە لە تاران بەڕێوە چوو، لە پەیوەندیی لەگەڵ "بەڵێنییەکانی بەرجام"، هەڕەشەی لە ئورووپا کرد.