کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هایکۆ ماس: ئەگەری شەڕ لە کەنداودا لە ئارادایە

12:07 - 30 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان سەبارەت بە ئەگەری هەڵایسانی شەڕ لە کەنداودا هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە کە ئێمە دەبێ ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بۆ پێشگرتن بەو شەڕە بدەین.

"هایکۆ ماس"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی جۆزەردان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ژان ئییۆ لۆدێریان"، هاوتای فەرانسەویی خۆی لە پاریسدا، سەبارەت بە چڕتر بوونەوەی گرژییەکان و هەڕەشەی شەڕ لە کەنداودا هۆشداریی داوە.

هەروەها "ژان ئییۆ لۆدێریان"، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە، وتی: "ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە قسەکانی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە پێبەندنەبوونیان بە بەرجام جێی نیگەرانییە و ئێمە لەو بڕوایەداین کە بە زەرەری ئێرانە."

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، بۆ بەشداری لە دانیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ شۆرای وەزیرانی فەرانسە سەبارەت بە ئێران، بۆ پاریس بانگهێشت کرابوو.

"هایکۆ ماس"، پاش دانیشتنەکە، لەگەڵ هاوتای فەرانسەویی خۆی بە هەواڵنێرەکانیان ڕاگەیاندووە: "هەڕەشەی شەڕ لە کەنداودا هەڵنەوەشاوەتەوە و ئێمە دەبێ هەر کارێک پێمان دەکرێت بیکەین تا گرژییەکان لە ناوچەکەدا نەگاتە ئەو ئاستە."

ئاڵمان و فەرانسە و بریتانیا، سی وڵاتن کە ڕێکەوتننامەی بەرجامیان واژۆ کردووە و بە پێچەوانەی هاوپەیمانی عەرەبیی خۆیان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و سەرەڕای چوونە دەرەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتننامەیەدا، داواکاری مانەوەی ڕێژیمی ئێران لە بەرجامن.