کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر كۆچی دوایی کرد

11:59 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: له‌ شاری بۆكان کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

به‌پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ١٨ی بانەمەڕ، حاجی "محه‌ممه‌د ڕەشیدی"، ناسراو بە "حاجی محەممەدی حوسێنی حاجی ڕەشید"، خەڵکی بۆکان، به‌ هۆی نه‌خۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

حاجی محه‌ممه‌د، كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگه‌خۆشه‌ویست بوو. ساڵی ١٣٦٥ هه‌تاوی له‌ كاتێكدا پۆلێک لە پێشمەرگه‌كانی ھێزی بەیان لە ناوچەی ئاڵەشین شەھید دەبن و ته‌رمه‌كانیان دەکه‌ونه‌ ده‌ست پارێزه‌رانی جه‌هل و نه‌زانی و ئه‌ندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ته‌رمی پیرۆزی شه‌هیده‌كانی دێموكرات دەبەنە مزگەوتی گەورەی بۆکان و داوا ده‌كه‌ن كه‌سوكاره‌كانیان بێن و مه‌یته‌كان ببه‌نه‌وه‌؛ له‌م كاته‌دا حاجی محه‌ممه‌د ڕه‌شیدی دەچێتە پێش و به‌ ده‌نگی به‌رز به‌ به‌كرێگیروانی كۆماری په‌ت و سێداره‌ ده‌ڵێت: "ئەوانە کوڕی منن. له‌م ده‌مه‌دا پاسداره‌كان ڕوو دەكه‌نه‌ حاجی ده‌پرسن كه كامیان كوڕی تۆیە ‌و ناوی چییە؟

حاجی له‌ وڵامدا ده‌ڵێت: "ھەر ھەشتیان کوڕی منن، ئیدی تێرۆریستانی سپا پاسداران به‌ تووڕەیییه‌وه‌ ده‌ڵێن: ئه‌تۆ یەک کوڕت ھەیە و ئه‌ویش لە ناو ئەم جەنازانەدا نییە، دواتر حاجی و خه‌ڵكی دێموكراتپه‌روه‌ری ئاڵه‌شین ته‌رمی شەھیدەکان وەردەگرنه‌وه‌ و بە خاکی پیرۆزی کوردستانیان ده‌سپێرن".

زستانی ساڵی ١٣٦٨، ڕێژیم بنەماڵەی پێشمەرگەکانی ھێزی بەیان ئازار دەدات و به‌ زۆر ده‌یانگوازێته‌وه‌ بۆ سونێ له‌سه‌ر سنوور، هەتا بەم جۆرە ڕۆڵه‌كانیان كه‌ پێشمه‌رگه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌، بەڵام حاجی و خێزانی بە كوڕه‌كه‌یان واته‌ "تاهیر ڕه‌شیدی" ده‌ڵێن، سه‌رمان پێت به‌رزه  ‌و له‌ خه‌بات بۆ ئازادیی كوردستان به‌رده‌وام به‌.

تەرمی حاجی محەممەد لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە و بۆکان بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

بەم بۆنەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.