کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هولەند دژی "بەشار ئەسەد" لە دادگای لاهە سکاڵا تۆمار دەکات

18:45 - 30 خەرمانان 2720

دەوڵەتی هولەند دژی ''بەشار ئەسەد'' سەرکۆماری سووریە بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئەشکەنجە و کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی لە شەڕی سووریەدا، لە دیوانی نێونەتەوەیی لاهە سکاڵا تۆمار دەکات.

''ئێستۆف بلوک'' وەزیری دەرەوەی هولەند لە پارلمانی ئەو وڵاتە وتوویەتی کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بەفەرمی بەرپرسی جینایەتێکی لەڕادەبەدەرە لە سووریە.

بە وتەی ناوبراو دیپلۆماتەکانی هولەند لە مەقەڕی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنێڤ پێشتر لەبارەی ئەم سکاڵایە دەوڵەتی سووریەیان ئاگادار کردبوو، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان لەلایەن دەمیشقەوە نەبینیوە.

''بلوک'' وتوویەتی: ''ڕێژیمی ئەسەد دەیان جار جینایەتی مەترسیداری ئەنجام داوە، لە ئەشکەنجە و چەکی کیمیایی کەلکی وەرگرتووە و نەخۆشخانەکانی بۆمباران کردووە و ئێستا قوربانییانی ئەم جینایەتە دەبێ عەداڵەت ئەزموون بکەن".

ناوبراو وتوویەتی، ئالمان و فەرانسە لەو سکاڵایەی هولەند دژی بەشار ئەسەد پشتیوانی دەکەن.

هەورەها ''مارک ڕووتە'' سەرۆک وەزیرانی هولەند وتوویەتی: ''سکاڵا دژی بەشار ئەسەد بۆ دیکتاتۆرەکانی جیهان  پەیامێکی گرینگە''.

دیوانی نێونەتەوەیی دادگای لاهە بەرزترین ناوندی دادوەریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەتا ئێستا چەندین جار بکەرانی جینایەتی جەنگیی دادگایی کردووە.