کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هولەند/ بەشداریی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی دادپەروەری بۆ کوردەکانی ئێران

16:15 - 9 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لوقمان ئەحمەدی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات لە کۆنفڕانسێکدا لە ژێر ناوی \'\'دادپەروەری بۆ کوردەکانی ئێران\'\' کە لە پارلمانی هولەند بەڕێوەچوو، بەشداری کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات، کۆنفڕانسێک لە ژێر ناوی دادپەروەری بۆ کوردەکانی ئێران، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان (UNPO)ـەوە ئامادە کرابوو و لە پەرلمانی هولەند بەڕێوەچوو.

لەم کۆنفڕانسە‌دا کە لە دوو پانێل پێکهاتبوو، لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو کۆنفڕانسەدا وتاریان پێشکەش کرد.

لە پانێلی یەکەم‌دا پرۆفیسۆر مارتین ڤان برونیسێن باسێکی لەسەر مێژوی کورد و خەباتی ئازادیخوازانی کوردستان لە کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

پاشان لوقمان ئەحمەدی وتارێکی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لە زەمانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد و پێداگری کرد کە ئەزموونەکانی ئەو شەڕ و زەبروزەنگە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر نەتەوەی کوردی سەپاندووە بوونەتە بنەمای پێویستیی هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاتر لە نێو بزوتنەوەی رزگاریخوازانی گەلی کورددا.

ئەحمەدی هەروەها لەسەر رۆڵی ئێران لە ناوچەکە و بەرنامەی کاری حیزبی دێموکرات و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵی بۆ داهاتووی ئێران باسێکی پێشکەش کرد.

لە پانێلی دووهەم‌دا عەبدوڵڵا موهتەدی وتارێکی لەسەر رەوشی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستانی ئێران و هەلومەرجی مافی مرۆڤ پێشکەش کرد.

پاشان فرانک ڤان دالێن، بەرپرسی رێکخراوی فۆرومی ئێران، وتارێکی لەسەر چۆنیەتی و گرفتەکانی خستنەبەرباسی پرسی کوردستانی ئێران لە ئاستی سیاسیی و راگەیاندن لە وڵاتانی رۆژئاوا پێشکەش کرد.