کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەند "فەقێ مینە" ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:27 - 2 پووشپەڕ 2720

هونەرمەندی بواری فۆلکلۆر و گۆرانیبێژی ناسراو، ''محەممەدئەمین ڕەسووڵی'' ناسراو بە "فەقێ مینە" خەڵکی گوندی ''ئاغەڵان'' سەر بە شارۆچەکەی ''نەڵاسـ''ـی سەردەشت، ئەمڕۆ ۲ی پووشپەڕ، لە زێدی خۆی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

هونەرمەند ''فەقێ مینە'' لە سەرەتای دەیەی ٥٨ی هەتاوی هەتا ساڵی ٦٥، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی ''گیاڕەنگ'' بووە و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە لەسەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە شارۆچکەی ''نەڵاس''.

ناوبراو حەیرانێکی بەناوبانگ، کە لەلایەن مامۆستا ''حەسەن شێوەسەڵی'' هۆنراوەتەوە، بە یادی سەرگورد ''کەریم عەلیار'' وتووە.

هەروەها ''فەقێ مینە'' شمشاڵژەنێکی بەناوبانگیش بووە و چەندین بەرهەمی هونەری وەکوو: '' تاوانم دەبێ چی بێ لەیلم هۆ لەیلم هۆ'' و '' کورەخانە''ی لە ژیانی هونەریی خۆیدا تۆمار کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.