کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەند و ژەنیارێکی ناسراوی ناوچەی کرماشان کۆچی دوایی کرد

11:44 - 28 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، "سیاوەش نوورپوور" ژەنیار و ئاوازدانەری ناسراوی کورد لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

"سیاوەش نوورپوور" خاوەن سەبک و شارەزاییەکی زۆری لە ژەنینی ئامێرەکانی "تەموورە و تار" و دەستێکی بە تواناشی لە دانانی ئاواز و مێلۆدیدا هەبووە و لە لایەنگرانی مەکتەبی کلاسیکی ژەنینی تار و تەموورە بە ئەژمار دێت.

ناوبراو لە ئەندامانی گرووپی تەموورەژەنانی "شەمس" و لە دامەزرێنەرانی گرووپی مووسیقای "موشتاق" بووە کە ئەو گرووپەی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە کرماشان دامەزراندبوو.

ناوبراو لە ماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا لەگەڵ چەندین هونەرمەندی گەورەی کورد وەکوو "حێشمەت لوڕنژاد، جەلالەدین محەممەدیان، مەنووچێهر تاهیرزادە، شەهرام نازری" و چەندین هونەرمەندی دیکە کاری هونەریی کردووە.

لە ناسراوترین ئەو ئاوازانەی کە بە دەستی ناوبراو دروست کراون دەتوانین ئاماژە بە ئاوازەکانی "پیاوانی خودا" و "سلسلەی موی دوست" و بەرهەمەکانی "مێهرنووشان" و "دەنگی دڵ" بکەین.

"سیاوەش نوورپوور" ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە شاری کرماشان لەدایک بووە. ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی دەستی بە کاری هونەری کردووە و لەو ساڵەوە تا ساڵی ١٣٥٣ لەگەڵ ئۆرکێسترای فەرهەنگ و هونەری مووسیقا لە شاری کرماشان هاوکاریی کردووە. ناوبراو ماوەیەک بوو لەبەر نەخۆشی دەیناڵاند و لە کۆتاییدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕ کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕ لە باخی فیردەوس لە شاری کرماشان بەخاک سپێردرا.