کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەند کەیهان کەلهوڕ شانازییەکی دیکەی بۆ کورد بەدەست هێنا

12:01 - 11 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، کەیهان کەلهوڕ خەڵاتێکی جیهانی دیکەی بەدەست هێنا.

کەیهان کەلهوڕ، ژەنیاری کەمانچە و ئاهەنگسازی گەورەی کورد، خەڵاتی نێونەتەوەیی مووسیقا human sprit (ڕۆحی مرۆڤ)ی لە کێبڕکێی نێونەتەوەیی "ئیزاک ئشترن"ی بەدەست هێناوە.

کێبڕکێی نێونەتەوەیی ئیزاک ئشترن هاوتای تاقیکارییە نێونەتەوەییەکانی چایکۆفسکی و کوئین ئێلیزابێتە کە لە بڕواپێکراوترین تاقیکارییەکانی موسیقای جیهانە و بە چالاکییە هونەرییە مرۆڤ دوستانەکان دەدرێت.

پاش ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە پرێسکۆنفرانسێکدا لە سەمفوونی "هال"ی شانگهای، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لە کاناڵەکانی چین ڕاستەوخۆ بڵاو بووەتەوە ئەو خەڵاتە بە فەرمی بەو هونەرمەندە کوردە پێشکەش کراوە.

جێگەی ئاماژەیە، بە هۆی ئەوەیکە کەیهان کەلهوڕ سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ یەکێک لە کونسرتەکانی بووە مایکل ئشترن منداڵی ئیزاک ئشترن بە نوێنەرایەتی ناوبراو خەڵاتەکەی وەرگرتووە.

کەیهان کەلهوڕ، هونەرمەندی پەنجەڕەنگینی کورد خەڵکی پارێزگای کرماشانە و بەرهەمەکانی لە ئاستی جیهانیدا ناوبانگی تایبەتییان هەیە کە تا ئیستا چەندین خەڵاتی جیهانی وەرگرتووە و لە زۆربەی ناوەندە موسیقاییەکانی جیهان کۆنسێرتی بەڕێوە بردووە و بە بەردەوامی شانازی بۆ نەتەوەی کورد بەدەست هێناوە.