کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندانی کورد، قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانن

12:13 - 1 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەی سیستماتیک هونەرمەندانی کورد دەخاتە پەراوێزەوە و دژایەتیی هونەرمەندان دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، "جەلال قەلعه شاخانی"، بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیمی ئێران، ئەگەرچی بەڵێنیی دابوو کە کۆنگرەی "سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی" بەڕێوە دەبات، بەڵام دوای چەندین دانیشتن، ئەو کۆنگرەیە ناوەکەی بۆ کۆنگرەی "مەشاهیری کورد"، گۆڕدرا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە دوای ئەو دانیشتنانە و گۆڕینی ناوی ئەو کۆنگرەیە، ئیتر ناوێک لە هونەرمەندی بەناوبانگ، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، بۆ هەمیشە فەرامۆش کرا.

هەوڵەکانی بنکە و ناوەندە فەرهەنگییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سڕینەوە و پەراوێزخستنی هونەرمەندان و کەسایەتییە فەرهەنگییەکانی کوردستان، هەمیشە بە شێوەی جۆراجۆر بەردەوام بووە.

"سەید عەلی ئەسغەر"، ناسراو بە "سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی"، یەکێک لە گۆرانیبێژ و مەقامبێژە مەزنەکانی کوردە. ڕەگەز و ڕیشەی بنەماڵەی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی دەچێتەوە سەر "سەید عەلی ھەمەدانی"، برای "بابا تاهیری هەمەدانی "، شاعیری گەورە و ناسراو.

سەید عەلی ئەسغەر لە ساڵی ١٨٨٢ی زایینیدا، لە گوندی "سەڵوات ئاوا"ی نزیک شاری سنە ھاتووەتە دونیا و لە ڕێکەوتی ٤ی شوباتی ساڵی ١٩٣٧ زایینی، کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە گۆڕستانی "سەڵوات ئاوا"دا بە خاک ئەسپێردراوە.