کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندی کورد لە بریتانیادا بوو بە باشترین هونەرمەندی ساڵ

11:56 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ڕێوەڕەسمێکدا کە بە بۆنەی نەورۆزەوە لە لەندەندا بەڕێوە چوو، هونەرمەندی سنەیی، وەکوو باشترین هونەرمەندی ژنی ساڵ لە بریتانیادا هەڵبژێدرا.

ئەم ڕێوڕەسمە بۆ چوارەمین ساڵ، بە بۆنەی نەورۆزەوە لە لایەن Center for Kurdish Progress)) و بە هاوکاریی (The Kurdish People’s Democratic Assembly of Britain) لە پارلەمانی بریتانیادا و بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبەکانی بریتانیا بەڕێوە چوو و ئەمساڵ "حەدیس سادق‌ئەیووبی"، وەکوو هونەرمەندی ژنی ساڵ، لە نێوان کۆمەڵی کوردە سەرکەوتووەکانی دانیشتووی بریتانیادا، هەڵبژێدرا.

لەم ڕێوڕەسمەدا، هەر ساڵ، کەسانێک لەنێو کۆمەڵگای کوردە دانیشتووەکانی بریتانیادا کە لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا توانیویانە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، هەڵدەبژێردرێن و خەڵات دەکرێن.

شایانی باسە، کە "حەدیس سادق‌ئەیووبی"، کچی هونەرمەندی نیگارکێشی سنەیی، "فەردین سادق‌ئەیووبیـ"ـیە و ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، لە شاری سنە لەدایک بووە و لە لەندەندا خوێندکاری مۆسیقایە.