کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی مێرمنداڵی کورد خەڵاتێکی نێونەتەوەیی پێ بەخشرا

17:07 - 22 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کاریکاتۆریستێکی مێرمنداڵی کورد، خەڵاتی فستیڤاڵی نێونەتەوەیی وڵاتی بێلژیکی پێ بەخشرا.

لە درێژەی سەرکەوتنی هونەرمەندانی کورد لە فستیڤاڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، کاریکاتۆریستێکی مێرمنداڵی تەمەن دوازدە (۱۲) ساڵ، سەرکەوتنێکی نێونەتەوەیی بۆ خۆی و گەلەکەی تۆمار کرد.

کانی پیرنیانی، هونەرمەندی مێرمنداڵی کورد و دانیشتووی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سیهەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی هونەریی وڵاتی بلژیک کە لە ژێر ناوی "olense kartoenale" بەڕێوە چوو، پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و خەڵاتی ئەو فستیڤاڵەی وەرگرت و هاوکات لە لایەن بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵەکەوە دیپلۆمی باشترین کاریکاتۆریستی بەشداربووی ئەو فستیڤاڵەی پێ بەخشرا.

خەڵاتی دوو خوولی پیشووتری ئەم فستیڤاڵە بە ڕۆژینا قەناعەت درا کە ئەویش یەکێک لە کارتۆنیستەکانی پارێزگای سنەیە.

کانی پیرنیانی لە ساڵی ۱۳۸۵ی هەتاوی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هۆگری هونەری کاریکاتۆر دەبێت و لە ژێر چاوەدێری مامۆستا "سامان سوولی"  کاریکاتۆریستی شاری سنە، پەرە بە هونەرەکەی دەدات.

شایانی باسە کە ئەو هونەرمەندە مێرمنداڵە یەکەم جاریەتی لەو فیستیڤاڵ و ڕێوڕەسمانەدا بەشداری دەکات و لە لایەن بەڕێوەبەران و زۆربەی بەشداربووانی فستیڤاڵەکەوە بە باشی پێشوازی لێ کرا.