کوردستان میدیا: هونەرمەندێکی ناودار و بەئەزموونی کورد لە شاری کۆیە، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان و هونەر کرد.
سەرلەئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۲۶ی ڕەشەمە، هونەرمەند "سەردار ئەحمەد"، هونەرمەندی ناودار و بەئەزموونی کورد، لە شاری "کۆیە"، سەربە پارێزگای هەولێری باشووری کوردستان، بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویییەوە لە تەمەنی ۷٤ ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان و هونەری کوردی کرد.
هونەرمەند سەردار ئەحمەد، ژەنیاری ئامێری فلووت و ئامێری نەی، کە بە یەکێک لە بەئەزموونترین ژەنیارانی هونەری کوردی هەژمار دەکرێت، زیاتر لە پەنجا (۵۰) ساڵ خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە و لەم ڕاستایەشدا زۆرجار یارمەتیدەری کۆڕی هونەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکراتدا وەکوو هونەرمەندێکی خاوەن ئەزموون هاوکاریی کردووە.
ئەو هونەرمەندە کوردە، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی مۆسیقای "باواجی" لە شاری کۆیە بووە، کە موزیکی بۆ چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ و خاوەن پێگەی کورد ئامادە کردووە و دەست و پەنجەی لە هونەر و مۆسیقای کوردیدا دیارە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.
هونەرمەند "سەردار ئەحمەد"، لە ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی، بەرانبەر بە ۱۹٤٥ی زایینی، لە شاری کۆیە، سەربە پارێزگای هەولێری باشووری کوردستان لەدایک بووە و لە ساڵی ۱۳٤۰ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۹۶۲ی زایینی، کاری هونەری دەست پێ کردووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەی نەتەوەی کورد، سەرخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.