کوردستان میدیا: هونەرمەندێکی سینەما، خەڵكی شاری کرماشان، وەک باشترین ئەکتەری فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی دەربەندیخان، خەڵاتی پێ بەخشرا.
"نەستەرەن جەوادنیا"، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی "دەربەندیخان"، وەک باشترین ئەکتەری ژن خەڵات کرا.
ئەو خەڵاتە بە بۆنەی ڕۆڵگێڕانی لە شانۆی "دەکرێت گورگ نەبین"، بەرهەمی "مورتەزا ئەسەدی مەرام"، بە ناوبراو بەخشراوە.
شانۆی "دەکرێت گورگ نەبین" لە نووسینی "وەحید خوسرەوی" و دەرهێنانی "مورتەزا ئەسەدی مەرام"، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی "دەربەندیخان" بەشداریی کردبوو.
شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی دەربەندیخان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر هەتا ٣ی خەزەڵوەر، لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەچوو.
لەو فێستیڤاڵەدا هونەرمەندانی وڵاتانی: "ئیتالیا، ئیسپانیا، شیلی، تونێس، لوبنان، ئێران و عێراق" تێیدا بەشدار بوون.
"نەستەرەن جەوادنیا"، ساڵی ٦٧ی هەتاوی لەدایک بووە و لە بەشی "ئەندازیاریی فیزیکـ"ـدا زانکۆی تەواو کردووە.
ناوبراو لە چەندین فێستیڤاڵی دیکەی هونەریدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.