هونەرمەندێکی کورد لە "سنە" وێنەی "مەستوورە ئەردەڵانـ"ـی لەسەر بەژنی دارێک هەڵکۆڵی
""تەیموور ئەیووبی" هونەرمەندێکی کورد لە شاری "سنە" لەسەر بەژن و باڵای دارێکی وشکبووی سەر شەقام، وێنەی ڕوومەتی "مەستوورە ئەردەڵانـ"ـی هەڵکۆڵیوە و نەخشاندوویەتی.
ئەو هونەرمەند و دەستڕەنگینە وەکوو ڕێز و وەفایەک بۆ "مەستوورە ئەردەڵان" ئەو کارە هونەرییەی ئەنجام داوە.
ئەو کارە لەلایەن "تەیموور ئەیووبی" تەمەن ٤١ ساڵە خەڵکی سنە ئەنجام دراوە.
ناوبراو ماوەی ٢٠ ساڵە سەرقاڵی شێوەکاری و پەیکرسازییە. هەروەها ماوەی ١٥ ساڵە پەیکر لە دار دروست دەکات.
"ماه شەرەف خانم" ناسراو بە "مەستوورە ئەردەڵان" یەکەمین ژنی مێژووناسی کوردستان بووە کە هاوکات شاعیر و نووسەریش بووە.
"دیوانی ئەشعار، مێژووی ئەردەڵان و بیر و بڕوای مەستوورە"، لە کارە ناسراو و ئەدەبییەکانی ئەو ژنە شاعیر و نووسەرەیە.
"مەستوورە ئەردەڵان" ساڵی ١١٨٤ی هەتاوی لە شاری "سنە" لەدایک بووە.