کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ کۆچی دوایی کرد

11:37 - 13 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە هونەرمەندانی فۆلکلۆری ناوچەی سەقز بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، موحەممەد ئیبراهیم‌پوور ناسراو بە "حەمە کێلەشینی" لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە دنیای هونەر کرد.

حەمە کێلەشینی لە ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە گوندی میرەدێ سەر بە ناوچەی گەورکی سەقز لە دایک بوو؛ دواتر بەرەو گوندی کێلەشین کۆچی کردووە و لەویدا ماوەتەوە؛ ناوبراو نیزیک بە ٣٠ ساڵ لە بواری گۆرانی فۆلکلۆر خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە و توانیویەتی کۆمەڵێک بەرهەمی بەپێز بەهاوکاری هونەرمەندگەلێکی وەک مامۆستا عەلی عابدی پێشکەش بە گوڵستانی هونەری کوردی بکات.

ناوبراو جگە لە خزمەت بە گۆرانی و ئاوازە فۆلکلۆرەکان لە بواری نیشتمانی و گۆرانی شۆڕشگێڕانەشدا دەستی هەبووە بەڵام بەهۆی فەزای زاڵ بەسەر ئێران و کوردستان تەنیا لە کۆڕە تایبەتییەکاندا ئەم هەستەی خۆی درکاندووە.

ناوبراو ماوەی ٢ساڵە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ماڵدا بووە کە دواجار بە یەکجاری ماڵئاوایی لە خەڵک و خاکی کوردستان کرد.