کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هوک: جێگای سەرسووڕمان نییە کە ڕێژیمی ئێران شارۆمەندەکانی خۆی لە بەرامبەر کۆرۆنادا ناپارێزێت

12:28 - 14 بانەمەڕ 2720

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاروباری ئێران، ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، لە پەیامێک ڕوو بە خەڵکی ئێران لە کاتی گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا وتوویەتی، جێگای سەرسووڕمان نییە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شارۆمەندەکانی خۆی لە بەرامبەر ڤایروسی کۆرۆنادا ناپارێزێت.

"برایان هوک" وتوویەتی: ''ڕێژیمێک کە مانگی خەزەڵوەری ڕابردوو هەزاران کەسی کوشت و زیندانیی کرد، بەداخەوە جیگای سەرسووڕمان نییە شارۆمەندانی خۆی لە بەرامبەر ئەم ڤایرۆسە مەرگهێنەرە نەپاراست''.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، لە ڕەوتی ئەم پەتایە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەرژەوەندی و ئیدئۆلۆژیی خۆیان لە تەندروستی و پێداویستییەکانی خەڵک پێ گرینگترە، ڕێژیم بەهۆی بەڕێوەبردنی ڕێپێوانەکان و شانۆی هەڵبژاردنەکان، حاشای لە بوونی کۆرۆنا کرد، ئەوان هاتوچۆی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ وڵاتی چین ڕانەگرت و ڕێژەیەکی زۆریان لە ئاماری قوربانییانی ئەم نەخۆشییە شاردووەتەوە.

''هوک'' باسی لەوەش کرد، کاتێک کە ئامریکا پێشنیاری یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی بە خەڵکی ئێران دا، ڕێژیمی ئێران سەڕەرای پێداویستیی خەڵک، یارمەتییەکانی ڕەت کردەوە.

هەروەها نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران ئەوەشی زیاد کرد کە ڕێژیمی ئێران، بە جێگای خزمەتکردن بە خەڵکی ئێران، کەلوپەلە پزیشکییەکان کۆ دەکاتەوە و دیانفرۆشێت و بەبێ بەڕێوەبەری، سەرچاوەکانی ئێران بەفیڕۆ دەدات و یارمەتیی گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی دەدات.