کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری دووبارە لەهەمبەر دۆخی نەشیاوی گۆلی ورمێ

12:31 - 5 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: دۆخی نەشیاوی ژینگەیی گۆلی ورمێ و مەترسییەکانی بوونی ئەم گۆلە بە "سەرچاوەی گردی خوێیین" جارێکی تر هاواری ژینگەپارێزان و بەرپرسانی پێوەندیداری لێ بەرز بوویەوە.

سەرۆکی دەزگای کەشناسی ڕێژیم لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی حکوومەتی ئیسنا هۆشداری جیددی داوە کە ئەگەر ڕێکارێکی درووست بۆ چارەسەری گرفتی ژینگەیی ورمێ نەدۆزرێتەوە، ژیان لەو ناوچە دەکەوێتە مەترسی لەنێوچوون.

داوود پەرهیزکار لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا وتوویەتی: ئەگەری بوونی گۆلی ورمێ بە "سەرچاوەی گردی خوێیین" زۆر لە سەرێیە کە ئەمە زۆر زۆر لە خۆڵبارینەکان مەترسیدارترە و ئەگەری هەیە ئەو خوێ تەواوی باخەکانی دەورووبەری خۆی لەنێو ببات و بەو هۆیەشەوە ژیان دەکەوێتە مەترسی لەنێوچوون.

ڕەوتی وشک‌بوونی گۆلی ورمێ لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە دەستی پێکرد و هەنووکە لە مەترسی وشک‌بوونی یەکجارییە؛ دوایین تەسویرە سەتەلایتییەکان نیشان دەدەن کە ئەم گۆلە ٨٨%ی پانتایی خۆی لە دەس داوە کە بە ڕای کارناسان هۆکارە سەرەکییەکانی جگە لە کەمبوونەوەی ئاستی بارینی باران، بریتین لە: سازکردنی ئوتوبان لەسەر گۆلەکە، کەڵکوەرگرتنی بێ‌سنوور لە سەرچاوەکانی ئاو کە دەڕژێنە نێو ئەم گۆلە، و لە هەمووی گرینگتر نەبوونی مودیریەت و بەڕێوەبەرییەکی کارناسانە بۆ پێشگیری و چارەسەرکردنی گرفتەکانی.