کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری لەبارەی ڕاوەستانی بەرهەمهێنان لە ئێراندا

19:14 - 18 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هۆشداریان داوە که به هۆی بەرزبوونەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئێراندا، ئەگەری ئەوە هەیە، بەرهەمهێنان بە گشتی لەو وڵاتەدا ڕابوەستێت.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بە هۆی بەرزبوونەی نرخی دۆلار لە ئێراندا ئەگەری ئەوەیە هەیە یەکە بەرهەهێنەرەکان لە وڵاتەدا دابخرێن و هیچ بەرهەمێک لە لایەن بەرهەمهێنەرانەوە، نەخرێتە بازاڕ.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کرداوە، بە هۆی ناسەقامگیریی بازاڕ، هەڵاوسان، نرخی دراو و کێشەگەلی ئابووریی دیکە، بەرهەمهێنان لە ئێراندا لەگەڵ داخرانی یەکجارەکی بەرەوڕوویە.

لەو پێوەندییەدا، ئابووریناسان باسیان لەوە کردووە، به دۆلاری ٨ هەزار تمەنی ناکرێت بەرهەمێک بە نرخی ٦ هەزار تمەن ڕەوانەی بازاڕ بکەی،  چونکە لە لایەک خەڵک پارەی لە دەستی دانییە و لە لایەکی دیکەشەوە بەرهەمهێنەران زەرەرمەند دەبن.

هاوکات بەرهەمهێنەران لە ئێراندا ناتوانن کەلوپەلی جێگرەوە بۆ موشتەرییەکانی خۆیان دابین بکەن، چونکە ئەوەش پێویستی بە دراوی بیانی بەتایبەت دۆلار هەیە کە ئێستا نرخی دیاریکراوی نییە.

لەو پێوەندییەدا، بلاڤۆکی "بیلد"ی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ دایە بڕی ٣٠٠ میلیۆن یورۆ پارە بۆ ئێران بگوازێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانە.

ئەو بلاڤۆکەی ئاڵمان باسی لەوە کردووە، ئەو مەسەلەیە دەتوانێت کێشەی جیددیی دیپلۆماتیک لە نێوان ئامریکا و ئاڵماندا دروست بکات.

لەبارەی گەڕاندنەوەی بڕی ٣٠٠ میلیۆن یورۆ پاره لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دەوڵەتی ئیسرائیل هۆشداری داوە کە ئەگەر ئەو پارە نەختییە بە دەستی ڕێژیمی ئێران بگات، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بۆ کاروباری تێرۆریستی کەڵکی لێوەر دەگرن.